بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، 3 پڕۆژەی ئایندەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی وەرزشی ڕاگەیاند.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە كۆمەڵێك وەرزشكاری قارەمان كرد كە میدالیای جۆراوجۆریان بۆ عێراق بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی وەرزشی ڕۆژئاوای ئاسیا، كە لەم دواییانەدا لەلایەن پارێزگای بەسرە میوانداری كرابوو.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: سەرۆك وەزیران بەبۆنەی جەژنەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئامادەبووان كرد، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ئەو دەستكەوتە دەربڕی كە بۆ وەرزشی عێراقی و بۆ هەموو عێراقییەكان بەدەست هاتووە، كە بەشدارە لە بەرزكردنەوەی ناوی وڵاتەكەمان لە كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكانی ئۆڵۆمپیدا.
هەر لە بەیاننانەكەدا هاتووە، كە سودانی لە دیدارەكەدا دەستپێكردنی سێ پڕۆژەی بنەڕەتی لە كەرتی وەرزشی ڕاگەیاند، كە بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی واقیعی وەرزشی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداریكردنی عێراق لە پاڵەوانێتییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەكان و پێشبڕكێكان، هەروەها لە ئۆڵۆمپیادی داهاتوودا، وەك چۆن پڕۆژەی “پاڵەوانی ئۆڵۆمپی”ی دەستپێكرد، كە بریتییە لە ئامادەكردنی ئەو پاڵەوانانەی كە شایستەن بۆ بەشداریكردن لە ئۆڵۆمپیادی 2028 و 2032، و پلاندانان بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەدەستهێنانی میدالیای ئۆڵۆمپیاد، پڕۆژەی دووەمیش پشتگیریكردنە لە میوانداریكردن (ئۆڵۆمپیادی لاوانی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ یارییە تاكە كەسییەكان)، كە تەئكید لە توانای عێراق دەكاتەوە بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتییەكان و سەركەوتنیان، و وەك پەیامێكی ڕوون كاردەكات سەبارەت بە سەقامگیری وڵات، لەبارەی پڕۆژەی سێیەمیش ، بریتییە لە تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ فیدراسیۆنە ئۆڵۆمپیەكان بۆ تەواوكردنی ئاسانكارییەكانی ژێرخان لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێناندا و لە خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024-2025دا جێگیر دەكرێت.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیران رایگەیاند: پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنەتان لێدەكەم كە هەموو عێراقییەكانی لە (بووكی یارییەكان) دڵخۆش كرد، و وتیشی: جێگەی خۆشحاڵییە كە دەبینین ژمارەی یاریزانە ئافرەتەكان یەكسانە بە ژمارەی یاریزانە پیاوەكان، و ئەمەش نیشاندەرێكی ئەرێنییە.
رونیشیكردەوە: سەرەڕای توانا سادەكانتان دەستكەوتێكتان بەدەست هێنا بەبەراورد لەگەڵ تیپەكانی تر كە لەپێناو بەدەستهێنانی سەركەوتندا خەڵكی رەگەنامەی تریان بەكارهێنابوو، و وتیشی: وەرزشوانان بە كۆڵنەدان و هەوڵی پاكتر قەرەبووی هەر كەم و كوڕییەك دەكەنەوە.
ئاشكراشیكرد: تێگەیشتنی ئێمە، وەك حكومەت، بۆ وەرزش ئەوە نییە كە ئامرازێكە بۆ كات بەسەربردن، بەڵكو لەوەدایە كە یەكێكە لە لایەنە گرنگەكانی وڵات، وەك سیاسەت، ئابووری، و بوارەكانی تر، و تەئكیدیشیكردەوە: ئەوەی وەرزشوانێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا ئەنجامی دەدات هاوشێوەی ئەوەیە كە دیپلۆماتكارێك و وەزیرێك و سەرۆك وەزیرانێك لە گۆڕەپانە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامی دەدەن ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ناوی عێراقە.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە پشتیوانی و ڕۆڵی دەوڵەت لە بواری وەرزشدا وەك بوارەكانی تر ئامادە دەبێت، و وتیشی: وەرزش لێهاتووییەكان ڕادەكێشێت، و بەشێكە لە بنیاتنانی كۆمەڵگا و بەهێزكردنی لە بەرامبەر مەترسییەكان، وەرزش ئەمڕۆ وەبەرهێنانێكی ئابوری و شوێنێكی گەشتیاری پێكدەهێنێت، و دەرفەتی گرنگ بە میوانداریكردنی پاڵەوانێتییەكان دەبەخشێت و بەپێی ئەمەش ئامانجەكانمان لە بەرنامەی حكومەتدا داناوە.
راشیگەیاند: لە حیساباتەكانمان و گەڕان بەدوای دەستكەوتدا، گرنگیدان بە یارییەكانی تاك و تیمی دیكە هەمان گرنگی تۆپی پێ دەبێت، كە یەكەم یاری بەكۆمەڵە، و وتیشی: ئەركی ئێمە پاڵپشتییە، هیوادارین ئێوە پێداگر و كۆڵنەدەر بن لە گەیشتن بە دەستكەوت.