سەرۆك وەزیران تەئكیدیكردەوە: دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی وەزارەتی بەرگریدا نزیكە

سیاسی
  • 13-06-2024, 18:02
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی وەزارەتی بەرگریدا نزیكە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە ژمارەیەك لە بنەماڵەی شەهیدانی كۆمەڵكوژی سپایكەر كرد، بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتە پڕ لە ئازارە.
    ئاماژەی بەوەشكرد: سەرۆك وەزیران لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەخێرهاتنی كەسوكاری شەهیدانی كرد، و تاوانە قێزەونەكانی تیرۆریستانی وەبیرهێنایەوە، و وتیشی: شەهید نوێنەرایەتی بەهایەكی بەرز و پێگەیەكی كەرامەت و شانازی دەكات، ئەمە جگە لە پێگەی بەرزی بنەماڵەی شەهید.
    بەگوێرەی بەیاننامەكە، سودانی دڵنیایی دا بە كەسوكاری شەهیدان، كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە شوێنپێهەڵگرتنی ئەو تاوانبارانەی كە تاوانی سپایكەر و تاوانی دیكەیان ئەنجامداوە، جا لە ناوخۆی عێراق بن یان لە دەرەوەی عێراق، و وتیشی: دەزگا ئەمنییەكان توانیان زۆرێكیان دەستگیربكەن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەرگرتووە.
    سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: لە پابەندبوونی دەوڵەت، بە هەموو دامەزراوە و دەسەڵاتەكانییەوە، بە گرنگیدان بە كەسوكاری شەهیدان و پێدانی بایەخی پێویست بۆیان، كە ئەمەش ئەركە نەك چاكە، و وتیشی: حكومەت چارەسەری هەر كەمتەرخەمییەك دەكات سەبارەت بە مەرجەكانی دابینكردنی چاودێری بۆ كەسوكاری شەهیدان.
    ئاماژەی بەوەشكرد: دابەشكردنی زەوی نایاب بەسەر كەسوكاری شەهیدانی وەزارەتی بەرگری لە پارێزگای بەسرە و باقی پارێزگاكان نزیكە، و هەروەها حكومەت مەرجی داناوە كە وەبەرهێنەران پشكێك لە هەر پڕۆژەیەك تەرخان بكەن بۆ ئەوەی بەسەر كەسوكاری شەهیدان و خێزانە كەمدەرامەتەكاندا دابەش بكرێت.
    هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، سودانی گوێی لەداواكاری و كێشەی كەسوكاری شەهیدان گرت و ڕێنمایی كردن بۆ چارەسەركردنیان، هەروەها ئاڕاستەی دەزگای شەهیدانی كرد بۆ سادەكردن و تەواوكردنی ڕێكارەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان و گرتنەبەری میكانیزمی ئەلیكترۆنی بەبێ ئەوەی پێویستی بە سەردانی هاوڵاتیان هەبێت.