بهغدا-INA
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆنگرهی بەپەلەی بەرپەرچدانەوەی مرۆیی غەززە، لە ئوردن، بە بەشداری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئهنجوومهنی وەزیران دەستیپێکرد.
پاشای ئوردن لە میانی کۆنگرهکەدا ڕاگهیاند“ ناتوانین چەند مانگێک چاوەڕێ بکەین بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوەی پێویست بۆ پشتگیریکردنی غەززە، و دەبێت دەروازەکانی کەرتی غەززە بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، مێژوو حوكم لهسهر کردارەکانمان دەدات و تاقیکردنەوەیهش بۆ مرۆڤایەتی و دڵسۆزیمان.
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر" خۆشحاڵی خۆی به بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کەداگیرکاری زایۆنیستی دەبێ دەست لە کەڵک وەرگرتن لە چەکی برسیکردن لە دژی فەلەستینییەکان لە غەززە ههڵبگرێت".
لە بەرامبەردا مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین جەختیکردەوە" کاتی کۆتاییهێنان بە زنجیرەی (جینۆساید)ی دانیشتوانی کەرتی غەززە هاتووە، ههروهها داوای كرد فشار لەسەر قەوارەی زایۆنیستی بكرێت بۆ کردنەوەی هەموو دەروازەکان بەرەو غەززە.
لای خۆیەوە، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ڕایگەیاند کە "75%ی دانیشتوانی غەززە ئاوارەبوونه، و هیچ شوێنێکی سەلامەت لە کەرتی غەززەدا نییە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ هاوکارییەکی پزیشکی نییە لە غەززە، و ٥٠ هەزار منداڵیش بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن”.
گۆتێرێس وتی" دەبێت پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گهیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە دروست بكرێت، ئاماژەی بەوەشکرد کەلەسەدا ٨٠ی دانیشتوانی غەززە بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن".
هاوکات، مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ڕایگەیاند" پێویستە کردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی دەستبەجێی هاوکارییەکان بۆ غەززە مسۆگەر بکرێت”.