قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكانی ئیدارەی راپەڕین كۆبووەوە

ناوخۆ
  • 9-06-2024, 19:51
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكانی ئیدارەی راپەڕین جەختی لە ڕێگریكردن لە ڕوودانی تاوان و باشتركردنی ڕەوشی ئەمنی دەڤەرەكە كردەوە لە ڕێگای چالاكتر كردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ (9ی حوزەیرانی 2024) لە شاری ڕانیە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جەختی لە هەماهەنگی زیاتر كردەوە بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی تاوان لە دەڤەری ڕاپەڕین و ناوچە سنوورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران بەبێ گوێدانە شوناسیان و سەر بە هەر كەس لایەنێك بن.
    قوباد تاڵەبانی لایەنە ئەمنییەكانی دەڤەری ڕاپەڕینی ڕاسپارد ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش چالاكتر بكەن بۆ بەدواداچوونی كەیسە ئەمنییەكان و دەستخۆشی لێكردن كە لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك داواكراویان دەستگیركردووە و رێگرییان لە چەند سەرپێچی و پێشێلكارییەكی ئەمنی كردووە لە ناوچەكەدا.
    وتیشی پێویستە هەماهەنگی باشتان هەبێت لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان لە پارێزگاو شارەكانی تر بۆ ئەوەی داواكراوان دەستگیر بكرێن و دەرباز نەبن لە یاسا.