قوباد تاڵەبانی ئیداری ڕاپەڕین بەدواداچون بۆ گلەیی هاوڵاتیان لەکەمترخەمی بەرپرسان دەکات

ناوخۆ
  • 9-06-2024, 16:30
  • +A -A

    هەولێر-INA
    ئەمڕۆ یەکشەمە"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر بەگەڕخستنەوە و تەواوکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تایبەت بە دەڤەرەکە کرا.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە :- جێگری سەرۆکی حکومەت لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی "بێگەرد تاڵەبانی"وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و "هیوا قەرەنی"سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بەڕێوەچوو، پاش گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە کارکردن تێیاندا وەستاوە، ئامادەکاری کرا بۆ بەگەڕخستنەوە و تەواوکردنیان لە کەرتە جیاوازەکان و بودجەی پێویستیشیان بۆ دابین دەکرێت،
    لەمبارەیەوە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: چاودێری جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەین و جەختی کردەوە لەسەر تەواوکردنیان لە زووترین کاتدا.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە:- لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکە کرا، لەوبارەیەوە "قوباد تاڵەبانی " بە ئاماژەدان بە رەخنە و گلەیی بەشێک لە هاوڵاتییان لە هەندێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، رایگەیاند : کە ئامانجی سەرەکی ئێمە رەزامەندی خەڵکە لە ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆیە پێویستە بەرپرسانی دامودەزگاکان پێداچوونەوەی تەواو بە شێوازی راپەڕاندنی کاروباری هاوڵاتییاندا بکەن،بە کەمکردنەوەی رۆتین کارئاسانی تەواو بۆ هاوڵاتییان و وەبەرهێنەران لە سنوورەکەدا.
    هەروەک جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەمەودوا بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت و هەر کاتێکیش پێویست بکات گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارەییەکاندا دەکرێت.