بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە "لەتیف جەمال رەشید " سەرۆك کۆمار،پێشوازیکرد لە "نەعیم عەبودی " وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- لە دیدارێکدا کە لەکۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەپێویستی گرتنەبەری ستراتیژیەتێکی نیشتمانی بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپێناو دابینکردنی کەشێکی هاندەر بۆ پەرەپێدانی زانست و زانیاری هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنە زانستییە هاوچەرخەکاندا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- سەرۆك باسی لە سەرکەوتنی پرۆسەی فێرکردن لە زانکۆداکرد ،کە پێوەرێکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدان و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا، هەروەها گرنگی باشترکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و بایەخدان بەلایەنی زانستی و ئەکادیمیی خوێندکارانی دوپاتکردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی وزە و شارەزایی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :- سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر پێویستی کاراکردنی هاوئاهەنگی نێوان زانکۆکانی عێراق و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمون و زانیاری و باشترکردنی پرۆسەی هاوبەشیکردنیان لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە کەرتی فێرکردن لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە گرنگی زۆری پێدراوە بەوپێیەی خاڵی هەرە سەرەکییە بۆ بونیادنان و ئامادەکردنی مرۆڤ بەشێوەیەکی زانستی.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لەلایەن خۆیەوە"نەعیم لعەبودی" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کورتەیەکی لەبارەی پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی وەزارەتی بۆ پەرەپێدانی کەرتی فێرکردن لە وڵاتدا پێشکەشکرد و رێنماییەکانی سەرۆك کۆمار و گرنگیدانی بە ستافی پەروەردە و فێرکردن بەرزنرخاند.