سلێمانی - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆشەممە 8ی حوزەیرانی 2024، بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی و بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لەسلێمانی، پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری كردەوە.
لەمیانی بەسەركردنەوەی پرۆژەكەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی كۆمپانیای جێبەجێكار و سەرۆكایەتی شارەوانی بەستاف و ئەندازیارانیەوە كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژە گرنگەی رێگاوبان كەبەتەواوبوونی چارەسەری گرفتی ترافیك و قەرەباڵغی هاتوچۆ دەكات لەدەروازەی شاری سلێمانی.
هەروەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی لەهەوڵەكانی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كرد كەبەردەوام بەدواداچوونی كردووە بۆ پرۆژەكە لەپێناو بەزوویی تەواوكردن و چارەسەركردنی لەمپەڕەكانی بەردەم جێبەجێكردنی و چارەسەری گرفتی قەرەباڵغی هاتوچۆ لەدەروازەی شاردا.
جێگری سەرۆك وەزیران پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری بە نمونەیەكی جوانی هەماهەنگی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت وەسفكرد كە مەترسییەكانی هەر جۆرە رووداوێك كەم دەكاتەوە و كارئاسانی دەكات بۆ هاوڵاتیان، ئاماژەی بەوەشكرد كە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە و پێنج پرۆژەی تری هاوشێوە كەلەقۆناغی جێبەجێكردندایە، شاری سلێمانی دەگەیەنێتە ئاستێكی زۆر پێشكەوتوو لەبواری هاتوچۆدا.
هاوكات قوباد تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و ئەو كۆمپانیایانەی كرد كەتەمویلی پرۆژەكان دەكەن و لەخەمی جوانتركردنی شار و شەقامەكاندان و كارئاسانیان بۆ هاتوچۆ لەئەستۆگرتووە و لەخەمی بەهێزكردنی ژێرخانی شاری سلێمانی.