سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووەوە

سیاسی
  • 6-06-2024, 19:05
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێكهاتبوو.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی و جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە، هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاری لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد لەنێوانیاندا تاوتوێ كرد.
    هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە هاوبەشییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران زۆرن و خواستی دوولایەنەیان بۆ برەودان بە هەموو بوارەكانی پەیوەندی و هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە. شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بۆ ئاسانكاریی تێپەڕینی زیارەتكارانی كۆماری ئیسلامی بۆ مەزارە ئایینییەكان لە باشووری عێراق، بە هەرێمی كوردستاندا نیشان دا.
    لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر و كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، ئامادە بوون.