هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كردنەوەی زانكۆی نێودەوڵەتی بەریتانی و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كران.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمرۆ پێنج شەممە، بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم روونیكردەوە: هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا جدین لە چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتیش كێشەی بودجە و موچە و لەناویشیاندا موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پرسی كۆچی نایاسایی كرا، هەردوولا هاوڕابوون كە چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە بە گەشەسەندنی ئابوری و باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكان دەكرێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەشێكی بەرچاوی ئەو كەسانەی كۆچ دەكەن، دانیشتووی شار و شارۆچكەكانن كە گەشەسەندنی كەمتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە لەڕێگەی گەشەسەندنی هاوسەنگ و گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە شار و شارۆچكەكان و رەخساندنی هەلی كار لەو ناوچانەدا دەكرێت تا رادەیەكی باش رێژەی كۆچی نایاسایی كەم بكرێتەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی هەوڵەكانی كردنەوەی زانكۆی بەریتانی نێودەوڵەتی كرا لە هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی بەریتانیا سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كرد لە پشتگیریكردنی پڕۆژەكە و كارئاسانیكردن لەپڕۆسەی كردنەوەی زانكۆكە.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی هیوای خواست كردنەوەی ئەم زانكۆیە، پەیوەندیی ئەكادیمی نێوان كوردستان و بەریتانیا بەهێزتر بكات و رۆڵی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان.