سەرۆكی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا كۆبووەوە

سیاسی
  • 6-06-2024, 16:55
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
    لە كۆبوونەوەیەكدا، پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی عێراق بەگشتی، هەڵبژاردنی پەرلەمان و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، تاوتوێ كران.
    هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هەمووان كردەوە، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە، كە كلیلی سەقامگیریی عێراق، لێكگەیشتنی هاوبەشی هەولێر و بەغدایە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان و جێبەجێكردنی دەستوور.
    هەروەها هاوڕا بوون لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە كاتێكی گونجاوی ئەمساڵدا، و باڵیۆزی بەریتانیاش ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، بیروڕایان گۆڕییەوە.