سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

سیاسی
  • 5-06-2024, 12:15
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە جەیمس گۆڵدمان كونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ كرا و سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان، بە هەنگاوێكی گرنگ دانرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم، بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنەكان و كارنامەی حكومەتی فیدراڵ.
    ئاشكراشیكرد: هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی كەنداو لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینی عێراقەوە بە توركیا و وڵاتانی ئەوروپا كرا و جەخت لە پێویستیی بەشداربوون و تێپەڕینی بە هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەموو پێكهاتە و ناوچەكانی عێراق لەم پرۆژە ستراتیژییەدا كرا.
    تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان، پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لە كاتێكی گونجاوی ئەمساڵدا.
    رونیشیكردەوە: هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی چارەسەركردنی هەموو كێشە و گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەكان و پاراستنی مافی پێكهاتەكان.