هەولێر -INA
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 6/2 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری دهۆك پێشوازی لە دەیڤد بێرگر هەڵسوڕێنەری كارباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە مارك ستڕۆ كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێم ئامادە بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پشتیوانیكردنی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەشێوەیەك كە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت. لەمبارەیەوە سەردانی حەفتەی ڕابردووی سەرۆكی حكومەت بۆ بەغدا و دیدارەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەركردەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق ، بە هەنگاوێكی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی هەڵسەنگێندرا.
جەختكردنەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.