بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی پۆستی بەڕێوەبەرى پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی ئاڵوگۆڕکرا

ناوخۆ
  • 2-06-2024, 14:00
  • +A -A

    بەغدا-INA
    ئەمرۆ یەک شەممە"قوباد تاڵەبانی"جێگرى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی بەڕێوەبەریی پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەى کرد و پاش بەخشینی "عەمید ئاسۆ" لە پۆستەکەی، عەمید "ئارام محەمەد " لە پۆستی بەڕێوەبەرىی پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی دەستبەکاربوو.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی "قوباد تاڵەبانی" لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە:- لەو سەردانەیدا قوباد تاڵەبانی پۆستەکەى بە ئەرکێکی گەورە و پیرۆز وەسف کرد و پاش ستایشی هەوڵ و ماندوبوونی"عەمید ئاسۆ" بۆ ڕاگرتنی ئارامی شار و پاراستی ئاسایش، پیرۆزبایی پۆستە نوێیەکەی لێ کرد کە گرتنەئەستۆی فەرماندەیی لیواى پاراستنی دام و دەزگا نەوتییەکانە.
    هەروەک داواشی کرد بەڕێوەبەرى نوێش بەهەمان روحییەت کار بکات و هەوڵی جدی بدات لەپێناو پاراستنی ئارامی و رێگری کردن لە ئەنجامدانی تاوان و دەستگیرکردنی تاوانباراندا.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- جێگرى سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستەروو:کە گۆڕانکارى لە پۆستە حکومییەکان بەشێکە لە زیندووهێشتنەوەى حکومەت و گەشەپێدانی ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
    بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : دوای مەراسیمی ئاڵوگۆر کردنەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن"قوباد تاڵەبانی " ستایشی "عەمید ئاسۆی " کرد بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارى سلێمانی لە ماوەکانی رابردوودا کە هەوڵەکانی خۆى بەباشی خستبووەگەڕ و زۆرجار رێگربوون لە ئەنجامدانی تاوان کە ئەمەش جێى دەستخۆشییە.
    هەروەک "قوباد تاڵەبانی" ئاماژەى بە سەقامگیری دۆخی ئەمنی پارێزگاى سلێمانی کرد و رایگەیاند: بەو پەیوەندی و هەماهەنگییەى لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیدا هەیە توانراوە دۆخێکی ئارامتر لە سلێمانی و شار و شارۆچکەکان بۆ هاوڵاتییان دابین بکرێت، چونکە پاراستنی ئەمنییەتی شار تەنیا ئەرکی پۆلیس نیە بەڵکو ئەرکی هەموو ئەو هێزە ئەمنییانەیە کە لە شێوەى خێزانێکدا کۆبوونەتەوە و پێکەوە کار دەکەن