سلێمانی - INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بە یاوەری نزار محەمەد سەعید ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق و وەفدێكی رێكخراوی خۆراكی جیهانی (WFP) بۆ چارەسەركردنی كێشەی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی و پاك كردنەوەی ئاوی تانجەرۆ، سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان كرد.
دوای سەردانە مەیدانییەكە كە رۆژی شەمە ( 1ی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، لە كۆبوونەوەیەكدا باسی مەترسییەكانی كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك و پیسبوونی ئاوی تانجەرۆ و دەربەندیخان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی هاوڵاتییان كرا و گفتوگۆش كرا لەسەر چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكە.
جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا داوایكرد لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێكخراوی WFP پلانێكی زانستی بۆ چارەسەركردنی خێرا و دوورمەودا ئامادە بكەن و ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ كاری هاوبەش لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا نزار محەمەد سەعید ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق، ئامادەیی وەزارەتەكەی دەربڕی بۆ كاری پێكەوەیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و رێكخراوی WFP و سەرپەرشتی كردنی چارەسەركردنی كێشەكە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی ژینگەی عێراق و رێكخراوی WFP و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە درا بۆ ئامادەكردنی پلان و دواتریش جێبەجێكردنی پلانەكە.