هەولێر - INA
بەبۆنەی (49) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بروسكە پیرۆزباییەكی ئاراستە سەرۆك وئەندامانی ولایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات وئەمەش دەقی پیرۆزباییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاو و ڕێز..
یادی (49) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گەرمی لە بەڕێزتان و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی ئەندامان و لایەنگران و جەماوەری یەكێتی پیرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لەم یادەدا بە ڕێزەوە دامەزرێنەری یەكێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال و هەموو ئەو تێكۆشەرانە بە بیر دەهێنینەوە كە لەپێناو ئازادیی كوردستان لە ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، خەباتیان كردووە و دەكەن و مێژووی خەبات و تێكۆشانی یەكێتی بەرز هەڵدەسەنگێنین.
هەر بەم بۆنەیەوە جەخت لە ئامادەیی و ڕۆڵی گرنگی بەڕێزتان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەكەینەوە. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەری لێكگەیشتن و تەبایی و پێكەوەییی لایەنە سیاسییەكان لەپێناو پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا.
هەر سەركەوتوو بن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2024/6/1