سەرۆك وەزیران ئاڕاستەی ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك دەكات بۆ بەكارهێنانی ڕێڕەوی گەشەپێدان لە گواستنەوەی نەوت و گازدا

سیاسی
  • 30-05-2024, 18:58
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،  ئاڕاستەی ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەكی كرد بۆ بەكارهێنانی ڕێڕەوی گەشەپێدان لە گواستنەوەی نەوت و گازدا.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،  سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی كرد، بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەك بەرپرس لە وەزارەتەكانی پلاندانان و نەوت و كارەبا و پەیوەندییەكان و ڕاوێژكارانی سەرۆك وەزیران، لە میانەی كۆبوونەوەكەشدا پێداچوونەوە بە ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان كرا و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی پێشوو كرا.
    ئاماژەی بەوەشكرد: كۆبوونەوەكە شایەتحاڵی گفتوگۆی لێكۆڵینەوەیەك بوو لە ڕێڕەوی خزمەتگوزاری لە پرۆژەكەدا، كە ڕێڕەوی هێڵەكانی كێبڵی روناكی  و دوو ڕێڕەوی هێڵی نەوت و گاز و ڕێڕەوی گواستنەوەی كارەبا و وزەی نوێبووەوە لەخۆدەگرێت، لەم بارەیەوە، سودانی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی كرد كە لێكۆڵینەوەیەكی ڕاوێژكاری ئامادەبكات بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكانی وەزارەتی نەوت بە دیدێكی ستراتیژییەوە بۆ بەكارهێنانی ڕێڕەوی گەشەپێدان لە گواستنەوەی نەوت و گازدا، جگە لە هەناردەكردنی بەپێی نەخشەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان، هاوكات سودانی ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی كرد كە بیرۆكەكان وەربگرن و دیراسەیان بكەن و هیچ بڕیارێك نەدەن جگە لەڕێگەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە خستنەڕووی پڕۆژەكە كرا لە بودجەی وەزارەتی پلاندانان، هەروەها دۆسیەی پەرەپێدانی ترانزێت و گومرگی. هاوكات بڕیار درا كە كۆمپانیای گشتی گواستنەوەی زەمینی ببێتە كەفیلی گواستنەوەی كەلوپەل لەسەر ڕێگای گەشەپێدان لە ئێستادا.