ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: لە لایەن بانكی تی بی ئای كاری جدی كراوە لەسەر ئاسانكاریی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی هەرێم 

سیاسی
  • 29-05-2024, 20:32
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، كە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرابوو، ڕاپۆرتێكی وردی لەبارەی كار وچالاكییەكانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانكاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگایەكی پێشنیار كرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە كوردستانیەكان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و كاركردن لە پێناو دیاریكردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، كە ئاماژەی بە ڕێكاری هەنووكەی و خێرا بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە كوردستانییەكان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێكارە قبوڵنەكراوەكانی سیاسەتی بەعەرەبكردن كرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەك دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە كوردستانیەكان هەیە.
    هەر لە میانەی ڕاپۆرتەكەی سەرۆكی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد كە ئەم ناوچە كوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبكردن و داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و دەركردنی هاونیشتمانییانی كورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلكارییانەی دژ بە خەڵكی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەكرێن.
    هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆكی دەستە و هەموو كارمەندانی دەستە كرد بۆ ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەكان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی كوردستانییانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ، دەستبەرداری ئەو ناوچە كوردستانییانە نابێت و داوا دەكات لە سەر بنەمای دەستوور كێشە و پێشێلكاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت.
    دواتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆكی دەستە و هاوكارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەكایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێكی نیشتیمانی و كوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە كوردستانیەكان و كاركردنی جدیی لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێكارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە كە هیچ خزمەت بە گیانی پێكەوە ژیان لەو ناوچانە ناكات.
    هەر بەپێی راگەیانراوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوای كرد دۆخی ئەو ناوچە كوردستانییانە ئاسایی بكرێتەوە و كۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت كە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیكاریی و دەستدرێژییەك بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە كۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن.
    لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لیژنەیەكی باڵای وەزاری پێكهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەكە بۆ ناوچە كوردستانییەكان و دانانی پلانی جێبەجێكردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاك، كە لەكارە لەپێشینەكانی حكومەتە و داوای سەرەكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەركی ئێمەیە بەردەوام بین لە داكۆكیكردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵكردنی هەرێم بە بابەتەكانی دیكەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت.
    بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێك لەبارەی خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی 2025-2024 كە لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێكەوتی 2024/5/19 پەسەند كرا ئەمەش دوای كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، ڕاپۆرتەكە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانكار خرایەڕوو.


    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم كە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەكانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانكاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرا كە بە یەك دەنگ داكۆكی لە ماف و شایستەكانی هەرێم بكەن لە خشتەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. 
    هاوكات ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، شاندی دانوستانكاری هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەكانی هەرێمی كوردستان، كاری جدییش كراوە لەسەر ئاسانكاریی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانكی تی بی ئای وەك بانكێكی حكومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەك لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانكەكە كراوە بۆ كردنەوەی حیسابی بانكیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوكراون و ئاراستەی حكومەتی فیدڕاڵ كران كە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە: كە پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان بەردەوام بن لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجكردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ كەموكورتی و لە كاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حكومەتی فیدڕاڵ بكرێت و لە بەرامبەریشدا، حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوكێدا نەبن.
    لە بڕگەی سێیەمدا، كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێكی وەزارەتەكەی خستەڕوو كە تایبەت بوو بە برەودان بە سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان و پێشكەشكردنی ئاسانكاریی زیاتر كە ئەم سندوقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووك و مام ناوەند دابین دەكات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) كە پڕۆژەیەكی هاوبەشی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتە لە پێناو دابینكردنی قەرزی ئاسان بۆ كارخوازان.
    ئەنجومەنی وەزیران وەك كارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووك لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە كۆی گشتی بەركەوتەكانی نەگەڕاوە ، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەكرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی كە پڕۆژەكانیان سەركەوتوو نەبووە بەهۆی هۆكاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
    لە كۆتاییدا دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و ونیشتەجێكردن ، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ڕێگەوبانە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و كاریگەریی هاتووچۆی تانكەر و بارهەڵگرەكان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان و میكانیزم وڕێكاری پەلەكردن لە تەواوكردنی پڕۆژەكانی دووسایدكردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەكییەكان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.