هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بەشداری كرد لە رێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان و دواتر لەگەڵ ئەحمەد حەسەن حەمادی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەك شەمە ( ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەكە لە سەفین دەزەیی و دابان شەدەڵە، بەرپرس و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەی بوون ، جێگری سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەری كرد لە هەرێمی كوردستان و بە هەنگاوێكی پێویستی دانا بۆ پتەوكردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەكاندا.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لە بارەی چۆنییەتی هاندانی وەبەرهێنەرانی قەتەری تا ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان. لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتی قەتەر و رایگەیاند هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا ناوچەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و هیوای خواست كونسوڵخانەی گشتی قەتەر هاندەربێت بۆ پەرەسەندنی وەبەرهێنانی قەتەر لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی چۆنییەتی پەرەپێدان و بەهێزتركردنی توانا مرۆییەكان كرا لە هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی كە وڵاتی قەتەر ئەزمونێكی سەركەوتووی هەیە لەم بوارەدا، داوایكرد هاوكار و یارمەتیدەربن لە گواستنەوەی ئەزمونی ئەو وڵاتە بۆ كوردستان.