سەرۆكی حكومەت: كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەڕ یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان

سیاسی
  • 26-05-2024, 19:32
  • +A -A

    هەولێر -  INA
    ئەمڕۆ یەكشەممە 5/26، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد حەسەن حەمادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق، ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی قەتەڕ لە هەولێر بەڕێوەچوو.
    لە ڕێوڕەسمەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ئامادەی بوو، سەرۆكی حكومەت گوتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەڕ، هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
    ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە؛
    بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
    پێشەكی بەخێرهاتنێكی گەرمی بەڕێز د. ئەحمەد حەسەن حەمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و بەڕێز باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق دەكەم.

    ئامادەبووانی بەڕێز
    ئێوارەتان باش و زۆر بەخێر بێن
    خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسولخانەی گشتیی قەتەڕ لە هەولێر. هیوادام ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێكێك بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولامان.
    مایەی خۆشحاڵیمانە كە پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و قەتەڕدا هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین بەرپرسی باڵای قەتەڕی، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. هەروەها ئێمەش سەردانی دەوڵەتی قەتەڕمان كردووە.
    ڕێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ میری قەتەڕ خاوەنشكۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی هەیە و خوازیارین پەیوەندییەكانمان لە بوارە جۆراوجۆەكاندا و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، زیاتر پەرە بستێنێت
    كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ، هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بەتایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و كشتوكاڵی و كولتووری و خوێندنی باڵادا.
    قەتەڕ لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانی و بیناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاكیی ئابوورییەوە، دەوڵەتێكی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێكی سەركەوتووە، بۆیە دەكرێت هەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت.
    لێرەدا بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەكەین كە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە بوارە جۆراوجۆەكاندا پرۆژە ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەین بۆ پێشكەشكردنی هەر كارئاسانییەك لەم بوارەدا.
    هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەكەیە و لە هەمانكاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی كشتوكاڵی و گەشتیاری و پێشەسازی. ئێمە بە هەموو توانایەك پێشوازی و پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەكەین كە بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕووی فرەچەشنكردنی ئابووری.
    لە كۆتاییدا جارێكی دیكەش پیرۆزبایی كردنەوەی كونسولخانەی گشتیی قەتەر دەكەین و هیوای سەركەوتن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی قەتەر دەخوازم.
    هەر شاد بن.