هەولێر - INA
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 2024/5/26 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد بن حەسەن حەمادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێزان باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و كونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەروەها دەربارەی دەرفەت و بوارەكانی وەبەرهێنانی قەتەری لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
شاندی قەتەری دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی متمانەی بە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و خوازیارە لە بواری ئابووری و بازرگانیدا زیاتر برەو بە پەیوەندییەكانی بدات، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ بە فەرمی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەكەنەوە، هەروەها ئامادەیی نیشان دا كە لە بوارەكانی وزە، گەشتیاری، كشتوكاڵ، خوێندن و پەروەردە، تەندروستی و چەندین بواری دیكەدا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بكەن.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان نیشان دا، جەختی لەوەش كردەوە كە زەمینەی وەبەرهێنانی قەتەری لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارە، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی ژێرخاندا،هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوكاریی قەتەر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە عێراق و هەرێمی كوردستان، زۆر هاوبەشییان لەگەڵ قەتەردا هەیە.
دۆخی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.