بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە"لەتیف جەمال رەشید " سەرۆك کۆمار ،پێشوازی لە خاتوو "جینین هێنیس پلاسخارت " نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان-سەرۆکی نێردەی یونامی لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیەوە سەردانی کردبو.
لەڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)نێردراوە، تیایدا هاتووە :-لە دیدارێکدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار هەوڵەکانی "پلاسخارت " و نەتەوە یەکگرتووەکانی لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا لە عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و پڕۆژەکانی پشتیوانیکردنی ژنان و منداڵان، هەروەها جەختی لە هاوئاهەنگی بەردەوامی عێراق لەگەڵ نێردەی یونامی کردەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان لەبواری ژینگە و کەشوهەوا و تەندروستی و فێرکردندا، بەشێوەیەک کە ژیانێکی شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان مسۆگەربکات، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی داهاتویدا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- سەرۆك کۆمار گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دوپاتکردەوە و ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی کاری رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا کرد، بەشێوەیەك کە ببێتەمایەی پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق و گەشەکردنی بەرەو باشتر کرد ئەویش دوای سەرکەوتن بەسەر تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، رونیشیکردەوە، باشترکردنی خزمەتگوزاری و بژێوی هاووڵاتیان و برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا، لە پێشینەی کارنامەی حکومەتدایە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە :- لەلای خۆیەوە "پلاسخارت" جەختی لە پەرۆشیی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەموو هەوڵەکان بەئامانجی روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان و برەودان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی لەپای پشتیوانیکردنی لە ماوەی کارکردنی لە عێراقدا.