بەغدا-INA
ئەمڕۆ شەممە"لەتیف جەمال رەشید " سەرۆك کۆمار،لەگەڵ وەفدی یاوەری بەشدارییان لە کۆڕی ماتەمینی و پرسەی ئایەتوڵڵا "ئیبراهیم رەئیسی" سەرۆك کۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵانی کرد، کە لە حوسێنیەی ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچو.
سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ( INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :- سەرۆك کۆمار بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆك ئایەتوڵڵا "ئیبراهیم رەئیسی " و "ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیان لە روداوە دڵتەزێنەکەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی سەید " عەلی خامنەیی" رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و لێپرسراوانی باڵای ئێران کرد.
سەرۆك کۆمار هاوسۆزی و هاوخەمی قوڵی خۆی بۆ بەڕێز عەلی خامنەیی و گەلی ئێرانی دۆست بۆ ئەو روداوە دڵتەزێنە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق لەم کارەساتە گەورەیەدا هاوشانی ئێران دەوەستێت.
سەرۆك کۆمار ستایشی هەڵوێستەکانی سەرۆکی کۆچکردوو "ئیبراهیم رەئیسی" کرد بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق و هەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، جگە لە رۆڵی دیار و بەرچاوی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا و وەستانی لەگەڵ گەلی فەڵەستینی برا، کە روبەڕوی دڕندەترین جۆرەکانی دەستدرێژی دەبێتەوە.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە :- "لەتیف جەمال رەشید " سەرۆک کۆمار خەم و پەژارەی خۆی بۆ ئەو روداوە دەربڕی، کە پێش سەردانێکی چاوەڕوانکراو و گرنگی سەرۆکی کۆچکردوی کۆماری ئێران بوو بۆ عێراق بەمەبەستی تاووتوێکردنی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پتەوکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بەدیبهێنێت.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : لای خۆیەوە سەید " عەلی خامنەیی " سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی بۆ ئامادەبوونی لە پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی، هەروەها سوپاسی گەلی عێراقی کرد بۆ هەست و هاوسۆزییان لەگەڵ گەلی ئێران، جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە بەهێزانەش کردەوە، کە هەردوو وڵات پێکەوەدەبەستنەوە و پێویستی درێژەدان بەڕێگای بەهێزکردن و پەرەپێدانیانی دوپاتکردەوە.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە لە پرسەکەدا،هەریەک لە " عادل عەبدولمەهدی " سەرۆک وەزیرانی پێشوترو "حەیدەر عەبادی " سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ و "هادی عامری " ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر"بافڵ تاڵەبانی" سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و "شێخ هومام حەمودی" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و " ئەبوکەرار فرێجی" ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی و " رەیان کلدانی " ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون و "خاتوو ڤیان سەبڕی " سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان،و "خالد شوانی" وەزیری داد،و " نزار ئامێدی " وەزیری ژینگە و " مەحمود مەشهەدانی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و "خالد عوبەیدی " ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و "سەلیم جبوری " سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانو "فارس عیسا " سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەك لێپرسراوی باڵا هاوڕێی سەرۆك کۆمار بون.
هەڵبژادەی نیشتمانی ماڵئاوایی لە كەندوای 26كرد