بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، لەگەڵ وەزیری داد و پۆلیسی سویسرا بیات یانس، ئاسۆكانی بەرزكردنەوەی هاوكاریی دووقۆڵی و ڕێگاكانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ كرد.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە میانەی سەردانە فەرمیەكەیدا بۆ شاری بێرنی سویسرا، لەگەڵ وەزیری داد و پۆلیسی سویسرا، بیات یانس كۆبووەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكراوە: لە میانی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە ئاسۆی بەرزكردنەوەی هاوكارییە دوو قۆڵییەكان و ڕێگاكانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد.
وەزیری دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی سویسرا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی كەلوپەلی شوێنەواری بەقاچاخبراوی عێراقی دەربڕی.
ئاشكراشیكرد: لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا، راگەیەنراوێكی نیەت لەنێوان عێراق و سویسرا واژۆ كرا سەبارەت بە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاووڵاتییانی عێراقی كە داواكارییەكانیان بۆ مافی مانەوە ڕەتكراوەتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، جێگری سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: لەپێویستی چارەسەركردنی پرسی ئەو پارانەی كە لە عێراقەوە بە قاچاخ دەبرێن و لەلای دەسەڵاتدارانی سویسرا هەڵدەگیرێن و ڕادەستی حكومەتی عێراق بكرێت.
هەروەك لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گفتووگۆیان كرد لەبارەی ئەگەری واژۆكردنی ڕێككەوتنێك بۆ لێخۆشبوونی خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە چوونە ناو سویسرا، هەروەها هاوكاری نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا.