سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئیمارات تاوتوێی پەیوەندییەكان دەكەن

سیاسی
  • 24-05-2024, 18:33
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئەبو زەبی لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی ئیماراتەوە، پێشوازی لێكرا‌.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئەبو زەبی لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی ئیماراتەوە، پێشوازی لێكرا‌.
    ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكی دۆستانە‌دا پەیوەندییەكانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدایان تاوتوێ كرد، هەروەها دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
    هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكان لە بواری ئابووری و بازرگانی و هاریكاریی وزەدا كردەوە، هەروەها باسیان لە دەرفەت و بوارەكانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی ئیماراتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی ژێرخان و پەرەپێداندا.
    دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانیشی، هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هاریكاریی هاوبەش و هەمەلایەنەی وڵاتان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگری لە فراوانبوون و تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان.
    هاوكات پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، گۆڕانی ئاووهەوا و لێكەوتەكانی، هەروەها چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.