سەرۆك وەزیران ئاڕاستەی ئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەك وەزارەت دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە دەستنیشانكراوەكانی نەجەفی ئەشرەف

سیاسی
  • 23-05-2024, 19:43
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاراستەی ئامادەبوونی نوێنەری ژمارەیەك وەزارەتی دەركد بۆ چارەسەركردنی كێشە دەستنیشانكراوەكانی نەجەفی ئەشرەف.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە شاری نەجەفی ئەشرەف، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگاكە و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بە ئامادەبوونی پارێزگار كۆبووەوە.
    لە میانەی كۆبوونەوەكەدا، سودانی تەئكیدی لە گرنگی یەكخستنی كاری خزمەتگوزاری و هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی ژێرخان لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە خۆجێییەكان كردەوە، بەشێوەیەك كە بڕژێتە ناو هەمان ئەو دیدگایەی كە بەرنامەی حكومەت پەسەندی كردووە، هەروەك چۆن كارەكە لە لایەكی دیكەوە لەگەڵ هەوڵەكانی دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا یەكدەگرێتەوە.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە، سودانی جەختیكردەوە: پرسی تەواوكردنی پڕۆژە دواكەوتووەكان هەمیشە لە ئەنجومەنی وەزیراندا ئامادەیە و حكومەتی خۆجێیش دەبێت سەرنجی لەسەر ئەم ڕێگایە بێت، بەمەبەستی تەواوكردنی ژێرخان كە دەبێتە سەرەتایەكی ئومێدبەخش بۆ گەشەپێدان و هێنانەدی گۆڕانكارییەكی ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ نەجەفی ئەشرەف، و ڕێنماییشی كرد: كە هەفتەی داهاتوو شاندێكی بریكارانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بێنە نەجەف بۆ پەرەپێدانی چارەسەری كردەیی كێشەكانی پارێزگاكە.
    هەروەها سەرۆك وەزیران پێداچوونەوەی بەو پڕۆژانە كرد كە حكومەت بۆ نەجەف ئامادەی كردوون، و گرنگییان لە هاندانی گەشەپێدان و ڕەخساندنی هەلی كار و جێبەجێكردنی خواستەكانی هاووڵاتیان، بە شێوەیەك كە لەگەڵ ناوی نەجەف و پێگەی مێژوویی و كولتووری بگونجێت، جەختیشی لەسەر كاری حكومەت بە شێوەیەكی هاوتەریب لە هەموو پارێزگاكان كردەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی باش لێكۆڵینەوەی لەسەر كراو، بە مەبەستی باشتركردنی ڕەوشی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی ئەولەویەتەكانی لە هەموو بوارەكاندا.