بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، عێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد پێشوازی لە یەكەم وەجبەی بریندارانی فەڵەستینی لە غەززە كرد بۆ چارەسەر.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هانی عەقابی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، و بەسەرپەرشتی وەزیری تەندروستی صالح حەسناوی، ئەمڕۆ پێشوازیمان كرد لە گروپێك كە پێكهاتبوو لە 27 برینداری غەززە، لەنێویاندا ئەوانەی بەدەست چەند نەخۆشییەكی چارەسەرنەكراوەوە دەناڵێنن ئەمەش یەكەم وەجبەیە، كە ژمارەیەك منداڵ و ژن و بەساڵاچووان لەگەڵ 42 كەس لە هاوەڵەكەیان لە خۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە چوارچێوەی وەجبەكان ژمارەیەك بریندار هەن كە باری تەندروستییان سەختە و سەرجەم بریندارەكان لە شاری پزیشكی لە بەغدای پایتەخت چارەسەر دەكرێن.
وتیشی: وەزارەتی تەندروستی هەموو پێداویستییەكانی ئامادەكردووە، لەوانە گواستنەوەو پێشوازی و دابینكردنی سەرجەم كارمەندانی پزیشكی، ئەمەش لە وەڵامی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران، كە فەرمانی دابینكردنی هاوكارییە مرۆیی و پزیشكییەكان و پێداویستی خۆراكی بۆ گەلی فەڵەستین دەركرد.
رونیشیكردەوە: ئەم وەجبەیە كۆتا وەجبە نابێت و بە فڕۆكەیەكیش گواستراونەتەوە كە ستافێكی پزیشكی تایبەتمەند و تەواوی عێراقی لەخگرتووە.
كهشناسی عێراق: پلهكانی گهرما بهرزدهبنهوه