قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کوەیت کۆبووەوە

سیاسی
  • 20-05-2024, 22:55
  • +A -A

    هه‌ولێرـINA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ تاریق عەبدوڵا فەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کرا.
    نووسينگه‌ی راگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" لە کۆبوونەوەکەدا کە  لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا عوسمان داوودی، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێم و دابان شەدەلە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، هەردوولا هاوخەمی و نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و هاوڕێکانی.
    جێگری سەرۆک وەزیران باسی ئەوەی کرد کە کوەیت و هەرێمی کوردستان لە سەردەستی رژێمی پێشووی عێراقدا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. لەبارەی پەیوەندییەکانیشەوە وتی: پەیوەندییەکانمان ئێستا لەئاستێکی زۆر باشدان و پێویستە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا بەهێزتریان بکەین.
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بە گرنگییەوە باسی رۆڵی پەروەردەیان کرد و قوباد تاڵەبانی سوپاسی وڵاتی کوەیتی کرد لە هاوکاریکردنی هەرێم لەڕووی پێشخستنی کەرتی پەرەوەردەدا.
    لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی پێویستیی گەشەپێدانی هاوسەنگ لە هەرێمی کوردستان. هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هاندانی وەبەرهێنەران بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.