وەزارەتی پلاندانان: بەشێوەی ئەزمونی واتا تێست سەرژمێری لە 26ی ئەم مانگە لەتەواوی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت

ناوخۆ
  • 19-05-2024, 14:30
  • +A -A

    بەغدا-INA
    ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند،سەرژمێری ئەزمونی لە 26ی  ئەم مانگەوە دەست پێدەکات وەک تێست، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری گشتی  تەواو بووە.
    وەزارەتی پلاندانان لە ڕاگەیەندراوێکدا،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تێیدا هاتووە:-"محەمەد عەلی تەمیم" وەزیری پلاندانان،سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی کرد،کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت و کۆمپانیاکانی بەشدار لە گڕێبەستەکان ئامادەی بوون .
    تەمیم جەختی لە  پابەند بوونی وەزارەت کردەوە بە کاتی پلانی کارکردن بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووان ، هەروەک جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرژمێرییەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە بیستی تشرینی دووەمی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
    بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: وەزیری پلاندانان کورتەیەکی لەبارەی قۆناغەکانی کار و ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست هاتوون لە جێبەجێکردنی ڕێکار و پێداویستییە کرداری و مەیدانییەکاندا خستەروو ، و تەئکیدی  لەسەر ئەوە کردەوە کە دەسەڵاتی سیستەمی ئامار و زانیاری جوگرافی هەوڵی زۆر دەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان ،بۆ بە دامەزراندنی ناوەندی داتا و سەنتەری پەیوەندییەکان، هەروەها دروستکردنی ئامێری تابلێت بەپێی تایبەتمەندییەکانی گڵۆباڵ،کە پێش کۆتایی مانگی تەمموزی داهاتوو بە تەواوی ئامادە دەکرێن.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :-سەرژمێری ئەزمونی واتا تێست  لە بیست و شەشی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەک  لە سەرجەم پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستپێدەکات،داوای لە ستافی کار کرد کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوبێت، کە دەبێتە هەنگاوێکی پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە،لەپرسی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.
    هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە : وەزیری پلاندانان ڕێنماییدا : کە کارمەندانی بەشی پلاندانان لە سەرجەم پارێزگاکان بە تەواوی ئامادەبن بۆ سەرژمێری.
    هەروەک بەرێوەبەری گشتی ئامار رایگەیاند کە ئامادەکارییەکان تەواو بووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە 26ئایار بەشیوەیەکی تێست.