سەرۆك وەزیران رێنمایی پێكهێنانی تیمێكی تەكنیكی دەكات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان

سیاسی
  • 16-05-2024, 20:29
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، رێنمایی پێكهێنانی تیمێكی تەكنیكی كرد بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی هەشتەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی كرد، كە تیایدا گرنگترین فایلەكانی پەیوەست بەم پڕۆژە ستراتیژییە تاوتوێ كران و ڕێكار و ڕێنماییەكانی پێشوو بەدواداچوونیان بۆ كرا.
    هەر بەپێی بەیاننامەكە،  لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی تەكنیكی لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی؛ هێڵی ئاسنین، بەندەرەكان، ڕێگاوبان و پرد، و گومرگ، پێكبهێنرێت جگە لە ئەندامێتی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و ئامادەكردنی مەرجەكان بۆ بەردەوامبوون لە فایلەكانی پڕۆژەكە.
    هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بەردەوامی هەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و كۆماری توركیا و دەوڵەتی قەتەر، كە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ عێراق واژۆكرد كە پەیوەندی بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە هەیە، لەڕێگەی لیژنەی هەماهەنگی كارامە، هەروەك تەواوكردنی نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە بەندەری فاوی گەورە.
    بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكرد: سەرۆك وەزیران ڕێنمایی كرد ئەو ڕێكارانەی كە لە كاتی كۆبوونەوەكاندا جەختیان لەسەر دەكرێتەوە بە بەردەوامی بەدواداچوونیان بۆ بكرێت، هەروەها توێژینەوەیەك لەسەر شارە پیشەسازییەكان بە هاوكاری لەگەڵ خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری (ئۆلیڤەر وایمان) ئامادە بكرێت، لە ڕووی توانای ئابووری و زۆرترین سوودی گشتی لە كەرتە ئابوورییە جیاوازەكاندا.
    هەورەها سەرۆك وەزیران، پێداچوونەوەی بە ڕاپۆرتی لیژنەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان كرد كە بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران پێكهێنرا، كە پشتڕاستی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانە بوو لەگەڵ وەزارەتەكان و ڕەزامەندییان لەلایەن هەموو پارێزگاكانەوە كە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان تێیدا تێدەپەڕێت.
     هەروەها سودانی ڕێنمایی بەردەوامبوونی كارەكانی نێوان فەرمانگەی یاسایی لە سكرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی ڕاوێژكاری یاسایی لە دیوانی سەرۆك وەزیران كرد، بۆ پەرەپێدانی تێڕوانینێكی یەكخراو لە ڕووی یاساییەوە كە بەڕێوەبردنی پڕۆژەكان ڕێكدەخات، دڵنیابوون لە باشترین گەڕانەوە و بژاردە ئابوورییەكان.