بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ڕایگەیاند: عێراق شایەتی شۆڕشێكی خزمەتگوزاری و پیشەسازییە بە سەرۆكایەتی حكومەت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/5/16 لە دانیشتنی دەستپێكی كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی لە 33یەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، كە لە شانشینی بەحرێن بەڕێوەچوو، بەشداریكرد، و وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا باسی لەوە كرد: كە عێراق لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆی بەپێی بنەماكان دەڕواتە پێشەوە، كە گرنگترینیان پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدانە لە كاروباری ناوخۆ و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دیكەیە. ئاماژەی بەوەشدا: عێراق بە توندی ئەو پێشێلكارییانە ڕەتدەكاتەوە كە كاریگەرییان لەسەر سەروەریی وڵاتەكەی و یەكپارچەیی خاكەكەی و سەلامەتی هاووڵاتییەكانی هەیە لە ژێر هەر بارودۆخێكدا، دژی بەكارهێنانی خاكەكەیەتی وەك گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان و دژی رژانی خوێنی كوڕەكانیەتی كە ببێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانی هەر لایەنێك.
هەر لە وتارەكەیدا رایگەیاند: كۆبونەوەی ئەمڕۆمان هاوكاتە لەگەڵ كاردانەوەی بەردەوامی ئەو دەستدرێژییە دوژمنكارانەیەی، كە قەوارەی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین لە كەرتی غەززە ئەنجامی دەدات و بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای بڕگەكانی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی و وێرانكردن و خوێنڕشتن بەتایبەتی منداڵان و ژنان و بەساڵاچوانی بێتاوان، دادەنرێت و بوەتەهۆی شەهیدبون و برینداركردن و دەربەدەركردنی زیاتر لە 100 هەزار فەڵەستینی بەشێوەیەكی سیستماتیك و دڕندانە، كە بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە.
وتیشی: لێرەوە هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەت و گەلی عێراق لەبارەی دۆزی فەڵەستین و پاڵپشتی عێراق بۆ خۆڕاگری گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ئەم پەلامارە دڕندانە بەردەوامەدا دوپاتدەكەینەوە، هاوكات جەختدەكەینەوە لە هاودەنگی ڕەهای عێراق لەگەڵ گەلی فەڵەستین لە بەدیهێنانی خواستەكانیان و بەدەستهێنانی تەواوی مافە رەواكانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، كە قودسی پیرۆز پایتەختەكەیەتی بەگوێرەی بڕیارنامەكانی شەرعیەتی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانەوەی هەموو خاكە داگیركراوەكان.
رونیشیكردەوە: عێراق پشتگیری لە هەموو پێشهاتە ئەرێنییەكان دەكات، كە بەشدارە لە وەستاندنی ململانێی ناوخۆیی لە سوریا، هەروەها هەڵوێستی خۆی نوێدەكاتەوە و داوای پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەی و كاركردن دەكات بۆ پاككردنەوەی لە هەموو ئەو بابەتانەی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی تێكدەدەن، لەگەڵ داوای ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بۆ گەلی سوریای برا.
سەرۆك كۆمار، سەبارەت بە روداوەكانی كۆماری سودان، رایگەیاند: داوا لە هەموو لایەنە ناكۆكەكان دەكەین، هەموو كردەوەیەكی توندوتیژی رابگرن و پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی راستەقینە بۆ قەیرانەكە، ئەو ململانێیەی بەداخەوە لەنێوان برایانی ئەم وڵاتە ئازیزەدا هەیە ناگات بە هیچ جگە لە كاردانەوەی نەرێنی زیاتر نەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
لێرەوە عێراق پشتیوانی خۆی بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی لە كۆماری سودانی برا و گەڕاندنەوەی رێبازی گۆڕانی مەدەنی لەڕێگەی لایەنە مەدەنی و سەربازییەكانەوە و وەلانانی ناكۆكی و لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی دوپاتدەكاتەوە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی سودانی برا.
ئاشكراشیكرد: حكومەت و گەلی عێراق پاڵپشتی تەواوی خۆیان و راوەستان شانبەشانی براكانیان لە لوبنان نوێ دەكەنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە ئابورییەكان و كاریگەرییەكانی قەیرانەكانی ناوچەیی و جیهانی، هاوكات عێراق پاڵپشتی هەموو هەوڵەكان دەكات كە ئامانجیان چارەسەركردنی ناكۆكی سیاسی و بنیاتنانی پردی متمانەیە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و خواستەكانی گەلی لوبنانی برا.
هەروەها عێراق پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵانە دەكات، كە داوای گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ لیبیا و بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتیمانی دەكات، لەپاڵ گرتنەبەری بژاردەی سیاسی و دیالۆگی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ دۆزینەوەی دیدێكی نیشتمانی، كە برایانی لیبیا كۆبكاتەوە و ئاشتی و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی لێ بێتەدی بۆ گەیشتن بە خواستەكانی گەلی لیبیای برا لە ئاستی سیاسی و ئەمنی و ئابوریدا.
وتیشی: عێراق پشتیوانی لە هەموو هەوڵەكان دەكات، كە ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسییە تا یەكێتی و سەروەریی یەمەنی برا بپارێزێت، هەروەها پشتیوانی لە هەر هەنگاوێك دەكات بەم ئاراستەیە بۆ زامنكردنی مافەكانی گەلی یەمەن و گەیشتن بە خواستەكانیان لە سەقامگیری و ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا.
وتیشی: عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی دوپاتدەكاتەوە لەسەر بنەمای رێزگرتنی تەواو بۆ یەكڕیزی و سەروەریی كۆماری فیدراڵی سۆماڵ بەسەر تەواوی خاكەكەیدا، هەروەها پشتیوانی خۆی نوێ دەكاتەوە لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا لە خزمەتی گەلە ئازیزەكەیدا.
سەرۆك كۆمار لە هەر وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەدا: برایان داوا لە ئێوە و لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكەم، هاریكاری جددی بكەن بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی بەهۆی كارەساتی سروشتی و گۆڕانكارییە بەرچاوەكانی كەشوهەواوە زیانیان بەركەوتوە، وەك زیادبونی ناوچەكانی بەبیابانبون و كەمی ئاو. هەروەها داوادەكەم پەلەبكرێت لە داڕشتنی پلانێكی تۆكمە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئەم گۆڕانكاریانە لەڕێگەی جێبەجێكردنی بڕیارەكان.
جەختیشیكردەوە: عێراق لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا بەگوێرەی كۆمەڵێك پرەنسیپ بەرەوپێشدەچێت، كە گرنگترینیان پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدانە لە كاروباری ناوخۆ و رێزگرتنە لە سەروەریی وڵاتانی دیكە، لەهەمانكاتدا بە هەموو شێوەیەك ئەو پێشێلكارییانە رەتدەكاتەوە كە دەكرێنەسەر سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و هاووڵاتیانی لەژێر هەر بیانویەكدا بن بە بەكارهێنانی خاكی وەك گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكان یان كە خوێنی گەلەكەی ببێتە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانی هەر لایەنێك، لەم روانگەیەوە هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامی ئەو پێشێلكارییانە كاردانەوەی دەبێت و هەموو ناوچەكە ناسەقامگیر دەكات، كە خەڵكی عێراق قوربانییەكی زۆریان دا بۆ بەدەستهێنان و شكستپێهێنانی بەڵای تیرۆر بەناوی هەموو جیهانەوە.
وتیشی: ئەمڕۆ عێراق شۆڕشێكی ئابوری و خزمەتگوزاریی بەخۆوەدەبینێت، كە حكومەتەكەی سەرقاڵی كردنەوەی پڕۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری شایستەیە بۆ گەلەكەی، بەمجۆرە داوا بۆ برایانمان نوێ دەكەمەوە بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەكانی هاریكاریی ئابوری و وەبەرهێنان لە ژێر رۆشنایی پێكهاتەكانی سەركەوتنی سیاسی و ماددی و مرۆییەكان، كە عێراق وەك ژینگەیەكی وەبەرهێنان خاوەنییەتی و ئامادەكراوە بۆ گەیشتن بە پێشكەوتنی ئابوری و بەدیهێنانی خواستەكانی هەمومان بە پتەوكردنی كاری هاوبەش، هیوادارم لوتكەكەمان ئیرادەی گەلەكانمان بەرجەستەبكات بۆ چونەپێشەوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجەكانمان و یەكخستنی وتەكانمان بۆ تاووتوێكردنی پرسەكانمان لە پێگەی دەستپێشخەرییەوە و بە هەموو دانایی و لۆژیكێكەوە.