قازان - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA )، دوو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كەناڵی ڕوسیا تودەی و ئاژانسی هەواڵی ڕوسی (سپۆتنیك) واژۆكرد.
ئەو دوو یاداشتە لێكتێگەیشتنە لەلایەن ستار عەرداوی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی عێراقی واژۆ كرا، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئیسلامی قازان كە ئێستا لە شاری قازان لە روسیا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ مایا مناع بەڕێوەبەری كەناڵی ئاڕ تی عەرەبی، هەروەها لەگەڵ ڤاسیلی پوشكۆڤ، بەڕێوەبەری هاوكاری نێودەوڵەتی لە ئاژانسی هەواڵ و ڕادیۆی سپۆتنیك.
ئامانج لە هەردوو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە بەرزكردنەوەی هاریكارییە لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری، پشتڕاستكردنەوەی دامەزراندنی پەیوەندییە جیاوازەكان بە شێوەیەك كە خزمەت بە هەردوو وڵات بكات، هەروەها فراوانكردنی هاوكاری لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر بنەمای یەكسانی و ڕێزگرتنی یەكتر و خواستی دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەسەر بنەمای هاوكاری بەرهەمدار.
هەروەها ئامانجی هەردوو یاداشتەكە پەرەپێدانی هاریكاری پیشەیی دوولایەنەیە لە بواری ڕاگەیاندندا بەمەبەستی بەرزكردنەوەی هاریكاری نێوان عێراق و ڕوسیا، بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكانی ئامانجی پەرەپێدانی فەزای زانیاری، بەرزكردنەوەی گواستنەوەی هەواڵی بابەتیانە و پیشەیی لەبوارەكانی سیاسی، ڕۆشنبیری، بابەتی مرۆیی و ئابووری و وەرزشی، بەرزكردنەوەی ڕەوتی زانیاری و لێكتێگەیشتنی یەكتر و لێكنزیكبوونەوەی نێوان هەردوو گەل، جگە لە سنوورداركردنی پرۆسەی گواستنەوەی ڕووداوەكانی پەیوەست بە عێراق لە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەوە.
ستار عەرداوی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: ئەو دوو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە واژۆكراوە، ئاسۆی هاوكاریی دوولایەنە تا ئاستێكی فراوانتر بەرز دەكاتەوە و دۆسیەی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق دەگوازێتەوە بۆ ڕەهەندی نوێ، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكانیش لەخۆدەگرێت.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری كەناڵی ئاڕ تی عەرەبی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە لەگەڵ (INA )، ستایشی ئەو پێشكەوتنانەی كرد كە ئاژانسەكە بەدەستی هێناوە و باوەڕپێكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەو ڕووداوانەی لە عێراق ڕاپۆرتیان لەسەر دەكەن.
هاوكات ڤاسیلی پوشكۆڤ، بەڕێوەبەری هاریكاری نێودەوڵەتی لە ئاژانسی هەواڵ و ڕادیۆی سپۆتنیك ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵین بە دەستكەوتنی هاوبەشێكی نوێ بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەك عێراق و چاوەڕوانی زۆر شت لەو یاداشتە دەكەین.
جەختیشی كردەوە: ئەم یاداشتە درێژەپێدەرێكی تەواو سروشتییە بۆ هاوكارییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهانی ئیسلامی.