بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبا لەگەڵ جێفری بایات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە گفتوگۆی كرد سەبارەت بە خێراكردنی جێبەجێكردنی یاداشتنامەی هاوكاری كە لە واشنتۆن كۆتایی هات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری كارەبا لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: وەزیری كارەبا زیاد عەلی فازڵ لە نوسینگەی خۆی پێشوازی لە جێفری بایات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری وزە كرد بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە میانەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵات كرد لە بواری وزەدا، كە وەزیر پێداچوونەوەی بە پڕۆژەكانی وەزارەتدا كرد كە لە كەرتی بەرهەمهێنان و دابەشكردن و گواستنەوەدا جێبەجێی دەكات، هەروەها پلانەكانی بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی دابینكردنی وزە لە ڕێگەی پاكێجێك لە پڕۆژەكانی پەیوەندی كارەبایی و پڕۆژەكانی دیكە لە بواری وزەی پاك.
رونیشیكردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕۆڵی كۆمپانیا ئەمریكی و بیانییەكان كرا لە بەشداریكردنیان لە مۆدێرنكردنی ژێرخانی كەرتی كارەبا لە عێراق.
بەپێی بەیاننامەكە، وەزیری كارەبا رایگەیاند: ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیای (GE) ئەنجامدراون بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی 5 ساڵ، هەروەها گۆڕینی وێستگەكانی غاز لە خولی سادە بۆ خولی ئاڵۆز، كە كۆمپانیا ئەمریكییەكە لە ئێستادا لە زیاتر لە شوێنێك لە عێراق جێبەجێی دەكات.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبونەوەكەدا گفتووگۆكرا لەسەر خێراكردنی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاداشتنامەی هاوكاری كە لە سەردانەكەی ئەم دواییەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن كۆتایی هات، لەوانەش دابینكردنی سیستەمی كارەبایی بە نزیكەی 3 هەزار مێگاواتی نوێ لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی وزەی نوێ.
وەزیر داوای لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان كرد، ئۆفەرەكانیان بۆ پڕۆژەی گۆڕینی زیرەك لە سیستەمی كارەبادا پێشكەش بكەن، كە وەزارەتەكە لە چەند ناوچەیەكی هەڵبژێردراوی بەغدا و پارێزگاكان وەك قۆناغی یەكەم جێبەجێی دەكات. پێشبینی دەكرێت ئەم پڕۆژەیە بەشداربێت لە باشتركردنی ئەدای تۆڕی كارەبا و دڵنیابوون لە كاتژمێرەكانی دابینكردنی 24 كاتژمێری رۆژانە بۆ هاوڵاتیان.
لای خۆیەوە ئەو بەرپرسە ئەمریكییە جەختیكردەوە: لەسەر گرنگیدانی واشنتۆن بۆ پاڵپشتیكردنی هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق لە بەرزكردنەوەی ئاستی كارایی سیستەمی كارەباییەكەی و هەنگاونان بەرەو وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی وزەی پاك و گونجاو بۆ ژینگە.