بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی فەرمی حكومەت باسم عەوادی، سەبارەت بە كردنەوەی ناوچەی سەربازی لە ناوچەی كازمیەی پیرۆز، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
عەوادی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: حكومەت لە پێكهێنانیەوە سورە لەسەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی دەستپێبكات كە سوودی گشتی بۆ گەلە بەڕێزەكەمان بەدەستبهێنێت، و لەنێو ئەو بوارانەی كە لە بەرنامەی حكومەتدا هاتووە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری ملیۆن سەردانكەری شاری پیرۆزی كازمیەیە بە مەبەستی ئەوەی سیمایەكی شایستەی پێبدات و هەموو خزمەتگوزارییەكان بۆ سەردانكەرە بەڕێزەكانی دابین بكات.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی دەركرد بۆ چۆڵكردن و كردنەوەی ناوچە سەربازییەكە كە بۆ دەیان ساڵە داخراوە، هەروەها تەرخانكردنی زەوییەكانی بۆ دروستكردنی دامەزراوەی خزمەتگوزاری و ناوەندی ڕۆشنبیری و ئایینی و چەندین شاری پشوودان بۆ خەڵكی شارەكەو ئەو گەشتیارانەی كە لە ناوچە جیاوازەكانی جیهانەوە دێن بۆ شارەكە، هەروەها دروستكردنی دامەزراوەی پەروەردەیی و پزیشكی و وەرزشی و بازاڕی بازرگانی كە تایبەتە بە كەلەپووری شارەكە و ناوچەی (نوێ) و لەگەڵ بە پردێكی هەڵواسراوی مۆدێرن، هەروەها بەستنەوەی بە ناوچەی دەوروبەری پەرستگای ئیمامی كازمین (علیهما السلام) ، لەگەڵ ڕێگاكانی گواستنەوەی هاوچەرخ لە نێو بینینێكی تەلارسازیی هاوچەرخدا.
رونیشیكردەوە: بینای بارەگای ئەو شوێنەی كە بە (شوعبەی پێنج) ناسرابوو، دەكرێتە مۆزەخانەیەكی گەورە، بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵی تاوانەكانی ڕژێمی بەعسی دژ بە عێراقییەكان، هەروەها لەبەر ئەوەی قوربانیدانەكانیش بەرجەستە دەكات و قارەمانێتی ئەو شەهیدە قارەمانانەی كە بە ئازایەتی و بوێرانە دژی ڕژێمی دیكتاتۆر وەستانەوە، ئەم مۆزەخانەیە هەموو بەڵگەنامە و بەڵگەی مێژوویی و كەرەستەی ئەشكەنجە و بەڵگەكانی دیكە دەپارێزێت، بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵی زیندوو بۆ نەوەكان و مێژوو بۆ كارەساتەكانی سەردەمی ستەمكاری و خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان.
لە كۆتاییدا رایگەیاند: حكومەت ڕێبازی بەردەوامی خۆی و پەرۆشی خۆی بۆ پێشبڕكێ لەگەڵ كاتدا دووپاتدەكاتەوە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی وەها گەورە و چۆنایەتی بۆ خزمەتكردنی هەموو خەڵكی وڵاتی ئازیزمان.