هەولێر - INA
ئەمرٍۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند پرۆژەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی لەسنوری كۆیە بەسەركردەوە و بەهەوڵێكی گرنگی لەقەڵەمدان بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆچوارشەممە ، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەو سەردانەیدا بەهاوڕێیەتی لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەركردەوە و دەستخۆشی لەهەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم كرد بۆ بنیاتنانی بەنداو لەناوچە جیاوازەكاندا و بەهەنگاوێكی گرنگی لەقەڵەمدا بۆ رووبەڕووبونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
هەرلەوبارەیەوە و بەلەبەرچاوگرتنی توانای بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەی 1.3 ملیۆن مەترەسێجا ئاو و سەررێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و بنیاتنانی بەنداوەكانی بە فاكتەرێكی گرنگ زانی بۆ بەهێزكردنی سەرچاوەكانی ئاو لەهەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.
دوای گوێگرتن لەسودەكانی بەنداوەكە بۆ گەشتیاری و كشتوكاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەكانی سنورەكە، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد دەبێ هانی برا جوتیارەكانمان بدەین كە شێوازی كشتوكاڵی پێشكەوتوو بگرنەبەر لەپێناو كەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت كەمكردنەوەی ئەو بڕەی پێویستە بۆ ئاودانی بەرووبوومەكان و زیاتركردنی ئاستی بەرهەمی كشتوكاڵی جوتیاران.
قوباد تاڵەبانی لەدووەم وێستگەی سەردانەكەیدا، ئامادەی رێورەسمی بەكارخستنی پرۆژەی كارگەی ئالیكی تەبارە بوو لەكۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپاتكردەوە و بەهەنگاوێكی پێویستی زانی بۆ زامنكردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.
لەرێورەسمەكەدا گرنگی بەگەڕخستنی كارگەكە خرایەڕوو لەرووی بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی تێچووی كڕین و هاوردەكردنی ئالیك، هەروەها لەڕووی خۆراكیی و سودەكانی بۆ پاراستنی تەندروستی ئاژەڵی.
قوباد تاڵەبانی لەمیانی بەسەركردنەوەی بەشەكانی كارگەكەدا ئاماژەی بەوەكرد: كە كارگەكانی ئالیك دەكرێ ببنە باشترین بزوێنەری پیشەسازی پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵی، لەرێی سودوەرگرتن لەبەرهەم و پاشماوەی كێڵگە كشتوكاڵییەكان بۆ بەرهەمهێنانی ئالیكی گونجاو بەپێی ستانداردی جیهانی و پێكهاتەی خۆراكی جگە لەوەش ببنە هۆكارێك بۆ دابینكردنی دەرفەتی هەلی كار بۆ هاوڵاتیانی سنورەكە.
قوباد تاڵەبانی داوای لەوەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد كە ئاسانكاری زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پرۆژانە بكەن لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و كەمتر پشت بەستن بەهاوردەكردنی ئالیك لەدەرەوە، هاوكات زامنی ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی كەدواجار بەدابەزاندنی نرخەكانیان لەبازاڕدا دەكەوێتەوە بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان.