هەولێر –INA
ئەمرۆ چوارشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەنتەری شێخ بازی بۆ چاودێریی بەساڵاچووان كردەوە و بە پێویستیش دەزانێت، ڕێز لە بەساڵاچووان بگیرێت و گرنگییان پێ بدرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە"ئەمرۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەنتەری شێخ باز بۆ چاودێریی بەساڵاچووانی لە هەولێر كردەوە، كە لەلایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆكی گرووپی كۆمپانیاكانی كار دروستكراوە".
هەروەها ئەوەیش هاتووە كە "دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەت بەشەكانی سەنتەرەكەی بەسەركردەوە، لە گوتەیەكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەساڵاچوو، سوپاسی شێخ بازی كرد، بۆ دروستكردنی ئەم سەنتەرە، كە بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو و سەردەمانە دروستكراوە، داواشی لە سەرمایەداران و خێرخوازان كرد كە سەنتەر و خانەی هاوشێوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان دروست بكەن".
سەرۆكی حكوومەت هەروەها داوایكرد كە ڕێز لە بەساڵاچووان بگیرێت و گرنگییان پێ بدرێت، گوتیشی ئەم جۆرە سەنتەرانەش هەن ئەگەر بەساڵاچوویەك پێویستی بە هاوكاری و یارمەتی هەبێت.