قوباد تاڵەبانی سەردانی هەڵەبجە دەکات

ناوخۆ
  • 13-05-2024, 15:24
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک  وەزیران، ئه‌مڕۆ دووشەممە، گەیشتە پارێزگاى هەڵەبجە و لەیەکەم وێستگەشیدا لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان، تاجەگوڵینەى رێز و وەفادارى بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
    نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" له‌م سه‌ردانه‌دا قوباد تاڵەبانی ئامادەى مەراسیمێک بوو لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە کەبەبۆنەى یادی ٣٧ ساڵەى راپەڕینی خەڵکی هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور لەدژى بڕیارى بەزۆر ڕاگواستنیان، رێکخرابوو.
    هەر لەمیانی سەردانەکەیدا، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنى پشتیوانی هەڵەبجە کۆبوویەوە کەلەچەندین کەسایەتی و پیاوماقوڵى هەڵەبجە پێکهاتوە.
    لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەى چۆنێتی پەرەپێدان و بوژاندنەوەى شارى هەڵەبجە لەڕووى ئابوورى و خزمەتگوزارییەوە، کەتێیدا ئامادەبووان ژمارەیەک داواکارییان سەبارەت بەچۆنێتی زیاتر خزمەتکردنی شارەکەیان خستەڕوو.
    جێگرى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەدا   حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوورى بەهێز بۆ شارەکە، چونکە هەموومان بەجۆرێک قەرزاری هەڵەبجەین کەهەرگیز لەئاست ئەو قوربانیدانەیدا نادرێتەوە.
    پشتیوانی خۆشی بۆ ئەو  ئەنجومەنە دەربڕی لەپێناو رێکخستنی کارەکانی و هاوکاری ئیداری پارێزگاکە لەپێناو خزمەتکردنی باشتری شارەکە.