بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەكشەممە نزار ئامیدی وەزیری ژینگە، یاداشتێكی هاوكاریی ژینگەیی لە نێوان عێراق و تونس واژۆ كرد بۆ باشتركردنی كوالیتی ژینگە و پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام.
وەزارەتی ژینگە لە بەیاننامەیەكدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و تیایدا هاتووە: وەزیری ژینگە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی كۆماری تونس واژۆ كرد بە ئامانجی بەرزكردنەوەی هاوكاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان لە بواری پاراستنی ژینگە لە نێوان هەردوو وڵات، كە لە ماڵی میوانان لە بەغدا واژۆ كرا، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هەردوولادایە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی و بەدەستهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام.
ئامێدی لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ موختار هەمامی وەزیری دەرەوەی تونس، بەپێی بەیاننامەكە وتی : ئامانجی یاداشتەكە بەهێزكردنی هاوكارییە دوولایەنەكانە لەبواری ژینگەدا لەڕێگەی ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەكانی سیاسەتی ژینگەیی لەهەر وڵاتێكدا و ئامانجی باشتركردنی كوالیتی ژینگە و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانییە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو، ئاماژەی بەوەشكرد كە بوارەكان هاوكاری نێوان هەردوو لایەن بریتی دەبێت لە چاودێریكردنی كوالیتی ئاوی ناوخۆیی و كەنار دەریاكان، چارەسەركردنی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ بە شێوەیەكی تەندروست وسەلامەت، جگە لە بەڕێوەبردنی پاشماوە و پەرەپێدانی سیستەمی چارەسەركردن بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی.
ڕوونیشیكردەوە : واژووكردنی ئەم یاداشتە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنرێت بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەكی بەهێزی ژینگەیی لە نێوان عێراق و تونس، هەروەها بەرزكردنەوەی هاریكاریی دوولایەنە لە بواری ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی ژینگە و پێكهاتەكانی هەردوو وڵات.