بەغداد-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدەکات کە عێراق داوای کۆتایی هێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتی یونامی کردووە تا کۆتایی ساڵی 2025.
"باسم عەوادی" وتەبێژی حکومەت لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە: وەک پابەندبوونێک لەلایەن حکومەتەوە بە بەرنامەکەی کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە، هەروەها لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکاندا،و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی لە ساڵی 2003ەوە ڕوویانداوە، و بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەکارهێنانی ئەم پەیوەندییانە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات، حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاری 2023، داواکارییەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ، بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ کارەکانی، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان و داخستنی بۆ هەمیشەیی ، چونکە بارودۆخی ئێستا لەگەڵ 21 ساڵ لەمەوبەر جیاوازە.
وەک بەیاننامەکەی وتەبێژی حکومەی ئاماژەی پێداوە: لەئەنجامی داواکاریی حکومەتی عێراقدا،ئەنجومەنی ئاسایش تیمی سەربەخۆی ستراتیژی پێکهێنا،تا هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆی بۆ ئەرکی یونامی ئەنجامبدات، کە تێیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە پێویست بە بەردەوامیدانی لە کارەکانیدا نییە، لە ڕوانگەی پێشهاتە ئەرێنییەکان و دەستکەوتە گرنگەکان کە لە عێراق و لە بوارە جیاوازەکانی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەدەست هاتوون،ئەوە سەرەرای پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان.
عەوادی لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی روونکردۆتەوە : کە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لە ڕاپۆرتی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژیدا هاتووە و وای لە حکومەت کرد کە لە ساڵی ڕابردووەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتایی هێنان بە ئەرکی یونامی بکات تا کۆتایی ساڵی 2025.
"عەوادی" لەبەیاننامەکەد جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆتایی کاری نوێنەرایەتی لە عێراقدا، جگە لەوانەی ئاماژەی بۆکراوە ، وەک دەرئەنجامێکی سروشتی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان،و قووڵبوونەوەی هاوکارییەکان لە ئاستە جیاجیاکانی دیکەدا هەیە کە "حکومەت هیوادارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەربکرێت کە تیایدا وڵامی داواکاری حکومەتی عێراقی لەخۆبگرێت ..
"عەوادی " سوپاسی "ئەنتۆنیۆ گوتیرێس " ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،و "جینین پلاشخارت" نوێنەرەکەی لە عێراق،و سەرجەم ستافی نوێنەرایەتییەکەی کرد بۆ ئەو پاڵپشتیانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی عێراقیان کرد،وە هەروەک ئێمە ئەو قوربانییە گەورانەی ئەو رێکخراوە لەبیر ناکەین کە داویانە لە ستافی نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق،لە پێشەنگی ئەواندا "سێرجیۆ دی میلۆی " خوالێخۆشبوو و هاوڕێکانی بوون، کە بوونە قوربانی هێرشێکی تیرۆریستی لە مانگی ئابی 2003کە بارەگای نوێنەرایەتییەکەی کردە ئامانج.