بەغداد-INA
ئەمڕۆ شەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ سەردانی تونس پێگەیشت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە :-پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،پێشوازی لە"نەبیل عەمار " وەزیری کارووباری دەرەوە و کۆچبەرانی تونسی،و وەفدی یاوەری کردو لە سەرەتای دیدارەکەدا "نەبیل عەمار "سڵاوی هەریەک لە "قەیس سەعید" سەرۆکی تونس و "ئەحمەد حەشانی "سەرۆکوەزیرانی تونسی گەیاندووە سەرۆک وەزیران سودانی و بانگهێشتنامەیەکی فەرمیشی گەیاندە سەرۆکوەزیران بۆ سەردانیکردنی بۆ تونس.
وەک ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی سودانی ئاماژەی پێداوە: سەرۆک وەزیران "سودانی" بەخێرهاتنی گەرمی سەردانەکەی وەزیری کارووباری دەرەوەی تونس کرد،کە دەبێتە هۆی کاراکردنی مەلەفە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەک پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی خولی 17 هەمینی لیژنەی هاوبەشی عێراق و تونسی کرد،کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژی لە بەغدا پایتەخت بەردەوام دەبێت و 18 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکرێت،هەروەک جەخت لەسەر پێشوازیکردنی عێراق لە کۆمپانیا تونسییەکان کرایەوە بۆ کارکردن لە عێراق، بەتایبەت لەبواری بازرگانی و فێرکردن و گەشتیاری.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە :لە دیدارەکەدا باس لە هەڵوێستی پرەنسیپی عێراق و تونس کرایەوە لەسەر ئەو دۆخەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ڕوودەدەن،لەو روانگەیەشەوە سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە تا هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی یەکگرتووتر و بەهێزتر بێت،ئەوە ئازاری فەلەستینییەکان زیاتر کەم دەکاتەوە،جەخت لەسەر پێویستی ڕوونی هەڵوێستی نێودەوڵەتی کرایەوە لە ئیدانەکردنی ، تاوانەکانی جینۆساید دژی خەڵکی سڤیل کە لە غەززە ئەنجام دەدرێت، و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە خوێناوییە کە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە :لەلایەن خۆیەوە "نەبیل عەمار " پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەڵوێستەکانی عێراق بەرامبەر بە تونس لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەربڕی،هەروەک جەختیکرایەوە لەسەر ویستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتی برا لە هەموو بوارەکاندا.