هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: دواخستن و پەكخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەكراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەكانی دەگەیەنێت.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، نیگەرانی خۆی لە هەوڵەكان بۆ پەكخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و رایگەیاند: دواخستن و پەكخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەكراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەكانی دەگەیەنێت.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنج شەمە ( 9ی ئایاری 2024) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا: پێشتر هۆشداریمان دابوو كە هەر هەنگاو و هەوڵێك بۆ دواخستن یان پەكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم و شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێم دەگەیەنێت. وتیشی: پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و داهاتووی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە چارەنووسێكی نادیاردا نەهێڵدرێتەوە.
جەختیشیكردەوە: كە هەڵوێستیان سەبارەت بە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ڕوونە و لە نیگەرانیانەوە بەرامبەر بە داهاتووی هەرێم سەرچاوەی گرتووە.