سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكات

سیاسی
  • 9-05-2024, 17:32
  • +A -A

    هەولێر - INA
    نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئەزرا زییا بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كرد.
    نوسینگەی راگەیانی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەیەكدا كە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەی بوون، جەخت لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و برەودان بە دیموكراسی و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان كرایەوە، هەروەها ڕۆڵ و كاریگەریی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە كۆمەڵگەدا و دۆخی ئاوارە و پەنابەران و پێكهاتەكان تاوتوێ كران.
    ئاشكراشیكرد: هەردوولا بیروڕایان دەربارەی هەندێ تێبینی و كەموكووڕیی لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكاندا گۆڕییەوە و هاوڕا بوون لەسەر گرنگی بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا بۆ باشتركردنی ئەو بوارانە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها داكۆكییان لە برەودان بە بەها هاوبەشەكان و پاراستنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان كردەوە.
    ئەزرا زییا وێڕای دەربڕینی ستایش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی لە هەرێمی كوردستان، ئامادەییی لایەنە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لەپێناو برەودان بە بوارەكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و دیموكراسی و ڕۆڵی یاسا دەربڕی و هەرێمی كوردستانی بە هاوبەشێكی گرنگی ئەمەریكا لە قەڵەم دا.
    هەروەها ڕەوشی ئێزدییان و گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان، ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكاندا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.