بارزانی‌ پێشوازی‌ لە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی كرد

سیاسی
  • 9-05-2024, 15:07
  • +A -A

    هەولێر – INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی و مافەكانی مرۆڤـ كرد.
    نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە": ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/9 ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەزرا زییا، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی سڤیل و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ كرد".
    بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان و پەرەپێدانی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ كرا.
    هەروەها بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانكردنی هەرێمی كوردستان نیشان دا و جەختی لەوە كردەوە، "هەرێمی كوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێكی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە لە عێراق و ناوچەكەدا."
    لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و كاركردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەكانی دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی بیر و ڕا و ڕاگەیاندن و ئازادیی كاركردنی كۆمەڵگەی مەدەنی".
    بارزانی سوپاسی پشتیوانی و هاریكاریی بەردەوامی ئەمەریكای كرد و پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزكردنی بنەما دیموكراسییەكان و پاراستنی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ بەگشتی دووپات كردەوە.