هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی بەرانبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەری هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێكەوتوان دەربڕی و دووپاتیكردەوە كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوەی پێویست لە هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە بكەن، لە هەمانكاتیشدا سوپاسی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ كرد و جەختی لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییەكان و ڕێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم كردەوە، بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەكان بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە. هەروەها ئاماژەشی بەوە دا كە هەوڵ دەدەین بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و ڕێكخراوی یۆنیسكۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بكرێتەوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا كۆبوونەوەی شاندی تەكنیكی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.
سەرۆك وەزیرانی هەرێم دووپاتیكردەوە: كە هەرچی ئەرك و پابەندییە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێی كراون و پێویستە حكومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و چیتر هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.
دواتر لەلایەن ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران كە هەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتی شاندێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ بەغدا، ڕاپۆرتێك لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان و گفتوگۆكانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەكانی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و چۆنییەتی هاوبەشیپێكردنی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەكانیان بۆ خەرجكردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم لە خەرجی تەشغیلی و پرۆژەكانی وەبەرهێنان و پرۆژەكانی پەرەپێدانی هەرێمەكان بە گوێرەی خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، كە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی كۆبوونەوەكانی بەغدای تێدابوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەستخۆشی لە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەكەی، جەختیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی لە بەرامبەر حكومەتی فیدڕاڵی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعە)ـی مانگانەی خۆی بە پەسەندكراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەكان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەكان و جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حكومەتی فیدڕاڵ لە زووترین كات، بڕیاری خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم بدات لەپێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر.
سەبارەت بە بابەتی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران، وردەكاری و ڕوونكردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا: كە لە لەگەڵ بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێككەوتین ئەو بانكەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پرۆسەكەش بەردەوامە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریكردنی بانكی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، كە بانكێكی حكومی فیدڕاڵیە.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەكنیكی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ و بانكی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم وپێشكەشكردنی كارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.
بڕگەی دووەم گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان گەیشتوەتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، كە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكی هاوبەش لە لایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەكرابوو و وردەكارییەكەی لە لایەن سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنەوە خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست كە هێزێكی كاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی دروست لەم بارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و كارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەكانیان پارێزراو بێت، ئەنجومەن بڕیاریدا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانكردنی مەرج و ڕێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات كە بە ڕێكارە یاساییەكان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەش لە ماوەیەك كە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەكات تەواو بكرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.
لە كۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕاپۆرتێكی پوختی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی شاندی وەزارەتەكەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەكانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستكردنی پڕۆژەكانی ئاودێریی لە هەرێم و سوود وەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و شاندی وەزارەتەكەی بۆ هەوڵ وماندووبونیان، جەختیكردەوە: كە ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە مافە دەستووریەكانی هەرێم دابین بكات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێریی و داكۆكیكردن لە ماف وشایستەكانی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و سوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە كشتوكاڵیانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەكانی دیكەی عێراق دەستەبەر كراون.