هه‌ولێرـ INA
له درێژه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ كۆمارى ئيسلاميى ئێران، ئيواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندى ياوه‌رى، له تاران له‌گه‌ڵ عه‌لى ئه‌كبه‌ر ئه‌حمه‌ديان، ئه‌ميندارى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسايشى نيشتمانيى ئێران، كۆبوونه‌وه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژنسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه، راگه‌یاندووه" له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منى و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى، مه‌ترسييه ئه‌منييه‌كانى ناوچه‌كه و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانيان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له هاريكاريى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌ردوو وڵات له‌پێناو ئارامى و ئاسايشدا كرده‌وه و هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى ڕێگرتن له په‌ره‌سه‌ندنى ئاڵۆزييه‌كان و به‌دوورگرتنى ناوچه‌كه له پشێويى زياتر.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌حمه‌ديان به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق به هه‌رێمى كورستانه‌وه ده‌ربڕى، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانيش دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا و بۆ هيچ لايه‌نێك نابێته هه‌ڕه‌شه.