سەرۆکی کۆمار: ئازادکردنی ٩ هەزار زیندانی لە دەستبەسەردا

سیاسی
  • 6-05-2024, 21:22
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال  رەشید دوپاتیکردەوە، سەقامگیریی عێراق لەڕووی ئاسایشەوە، بناغەی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدان لە هەموو ئاستەکاندا.
    نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، راگه‌یاندووه‌" ئەمڕۆ دووشەممە،سەرۆك کۆمار لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەك شرۆڤەکاری سیاسی و لە سەرەتای دیدارەکەدا دوپاتیکردەوە، کە سەرۆکایەتی کۆمار دیدار و وتووێژی هەمەچەشنە لەخۆدەگرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسێردراوە جۆراوجۆرەکان، لە دیارترینیان یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە هێزە سیاسییەکان دیدگاکان لە نێوان خۆیاندا یەکبخەن و هەر ئاستەنگێك تێپەڕێنن، کە رێگری بکات لە گەیشتن بە چارەسەری لۆژیکی و کۆتایی بۆ زۆرێك لەو پرسانەی روبەڕوی وڵات دەبنەوە.
    هەروەها بەڕێزیان باسی لە چالاکییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کرد، لە  پێشکەشکردنی کۆمەڵێک رەشنوسی یاسا بە ئەنجومەنی نوێنەران، وەک رەشنوسی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، رەشنوسی یاسای هەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتی رژێمی لەناوچوو سەبارەت بە زەوتکردنی موڵك، رەشنوسی یاسای دەسەڵاتی باڵای پاڵپشتیکردنی ژنان، رەشنوسی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکان، رەشنوسی یاسای گەڕاندنەوەی داهاتی گەندەڵی، بەمەبەستی پەسەندکردنیان بەوپێیەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە پێداویستییەکانی هاووڵاتیانەوە هەیە.
    هاوکات سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکایەتی کۆمار نامەیەکی زۆری لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکانەوە پێگەیشتوە، کە پشتڕاستیدەکەنەوە سەرەڕای کۆتاییهاتنی سزای دەستگیرکراوەکانیان، بەڵام ئازادنەکراون، لەڕوانگەی رۆڵی سەرۆکایەتی کۆمارەوە، لیژنەیەک لە  نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار، وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی پێکهێنرا و پاش چەندین کۆبونەوە، دەرئەنجام ئازادکردنی نزیکەی (٩) هەزار لەو دەستگیرکراوانەی لێکەوتەوە.
    سەرۆك کۆمار رونیکردەوە، کە عێراق پەیوەندی سیاسی و ئابوری بەهێزی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان و هەمیشە هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموولایەك بەهێزتربکات، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندی هاوبەش مسۆگەربکات و ئاسایش و سەقامگیری پەرەپێبدات.
    سەرۆك کۆمار ئاماژەی کرد بە گرنگی رۆڵی شرۆڤەکارانی سیاسی و پسپۆڕانی کاروباری عێراق و رادەی ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی لەسەر شانیانە لە خستنەڕووی بیرۆکە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان.
    لە بەرامبەردا شرۆڤەکارانی سیاسی پێزانینی خۆیان بۆ هەڵوێستەکانی بەڕێز سەرۆك کۆمار و بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ پرسەکانی هاووڵاتیان دەربڕی و جەختیان لە گرنگی کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێزیان کردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بیرۆکە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.