قوباد تاڵەبانی بۆ وەفدی سێناتی ئەمریکا: هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەتدەکەینەوە

سیاسی
  • 4-05-2024, 17:30
  • +A -A

    هەولێر-INA
    ئەمرۆ شەممە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پێشوازی کرد لە وەفدێکی سێناتی ئەمریکا  کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر"تێد باد" و سیناتۆر "جۆنی ئێرنتس " و وەفدێکی یاوەریان و  لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
    لەڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی "قوباد تاڵەبانی " جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێڕاقی (INA) ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە :-
    لە کۆبوونەوەکەدا ،کە هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەش لە هەرێم ئامادەی بوون. وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :-جێگری سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
    هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە : لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا،هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
    لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :- هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند: هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.
     سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش،وەک ڕاگەیەندراوەکە خستۆتیەروو : قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە. وتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.