قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵی گشتی روسیا كۆبووەوە

سیاسی
  • 2-05-2024, 18:21
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە ماكسیم روبین، كونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەیەكدا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەممە ( 2ی ئایاری 2024) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەكێتی بۆ كونسوڵی گشتیی روسیا روونكردەوە و رایگەیاند: بە هەموو شێوەیەك دژی دواخستنی هەڵبژاردنین و رووبەڕووی هەموو هەوڵێك دەبینەوە كە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت.
    لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كرا. لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا: كە هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین پەیوەندییەكی ئاسایی و تەندروست و هاوسەنگمان لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێدا هەبێت. وتیشی هەرێمی كوردستان هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێك و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەكی باش و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە رووی بازرگانییەوە.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی پارێزگای سلێمانی كرا، كونسوڵی گشتیی روسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی هەستی بە گەشەسەندنێكی بەرچاو كردوە لەڕووی وەبەرهێنانەوە. 
    لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكرد راستە كە پێشتر كێشە و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنەراندا دروست دەكرا، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە لە كەمكردنەوەی رۆتین و چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم وەبەرهێنەران، وتیشی: خۆی لە نزیكەوە چاودێری چۆنییەتی بەرەوپیشچوونی كاروباری وەبەرهێنان دەكات و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكات. 
    ئاماژەی بەوەشدا: ئەم هەنگاوانە كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی بە جۆرێك كە ساڵی رابردوودا پارێزگاكە لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا یەكەم بووە لە رووی وەبەرهێنانەوە.