بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی تەئكیدیكردەوە: كە حكوومەت پابەندە بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی كاتیی خۆیدا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە مەجید ئەمیر ئەحمەدی بریكاری وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندی یاوەری كرد، بە ئامادەبوونی محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییە كرا كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ كراوە، هەروەها باس لە كۆنترۆڵكردنی سنوورە هاوبەشەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و گەل كرا.
بەپێی بەیاننامەكە، ئەعرەجی ئاماژەی بەوەدا: كە حكومەتی عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی لە چوارچێوەی كاتیی خۆیدا، و جەختیشیكردەوە: لە ئامادەیی عێراق بۆ هاوكاری لە هەموو بوارەكان و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
لای خۆیەوە ئەحمەدی ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حكومەتی عێراق و لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی دەربڕی بۆ ئەو هەوڵانەی كە دراون و ئەو دەستكەوتانەی لە ڕێگەی ڕێككەوتنەكەوە بەدەست هاتوون.