نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزبايى له‌ كرێكاران ده‌كات

سیاسی
  • 1-05-2024, 10:38
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان به‌بۆنه‌ی یه‌كی ئایاره‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كرێكاران كردووه‌ ونووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ وتێدا هاتووه‌" يه‌كى ئايار، له‌ ڕۆژى جيهانيى كرێكاراندا، گه‌رمترين پيرۆزبايى له‌ هه‌موو كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان ده‌كه‌م، ده‌ستى كار و ماندووبوونيان ده‌گوشم و هيواى ئاسووده‌يى و خۆشگوزه‌رانى و سه‌رفرازييان بۆ ده‌خوازم.
    له‌ كاتێكدا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ئه‌رك و ڕه‌نجى كرێكاران و ڕۆڵى كارايان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتناندا ده‌ڕوانم، جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتگيرى له‌ هه‌موو ماف و داوا ڕه‌واكانيان و پێويستيى هه‌بوونى ياسايه‌كى پێشكه‌وتووى سه‌رده‌ميانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ زه‌مينه و ژينگه‌‌ى له‌بارى كاركردن و ژيانێكى باشتر بۆ چينى زه‌حمه‌تكێشى كرێكاران و خێزانه‌كانيان بێنێته‌ ئاراوه‌‌.
    هه‌ر له‌م ياده‌دا هانى سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانى كرێكاران ده‌ده‌م كارى باشتر بكه‌ن و هه‌وڵى زياتر بده‌ن بۆ دابينكردن و پاراستنى مافه‌كانى كرێكاران و ڕه‌خساندنى يه‌كسانى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كاردا، هه‌روه‌ها ده‌بێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چاودێريى خێزانى ئه‌و كرێكارانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كاردا ژيانيان له‌ ده‌ست داوه‌ و بايه‌خ و گرنگى به‌ باشتركردنى دۆخى ژيان و گوزه‌رانيان بدرێت.