بەغداد-INA
ئەمرۆ سێ شەممە "لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆک کۆمار ،کارنامەی کاری لە هەریەک لە باڵیۆزانی نوێ "سلاڤکۆ ماتانۆڤیچ " باڵیۆزی کۆماری بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و "ئودایا کومارە " باڵیۆزی کۆماری سۆشیالیستی دیموکراتی سریلانکاو"سەعید محەمەد جوبرەیل " باڵیۆزی کۆماری فیدراڵی ئەسیوپیا و "محەمەد حەبیب ئیدریس " باڵێۆزی کۆماری غانای وەرگرت.
لەبەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:- لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزان بەجیا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو و باڵیۆز "عومەر بەرزنجی" بریکاری وەزارەتی دەرەوە و کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی بوو ، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە ئەو سیاسەتەی عێراق پەیرەوی دەکات، بریتیە لە پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری و پابەندبوون بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ بنیاتنانی هاوبەشی ڕاستەقینە کە گەشەسەندنی هەمەلایەنە بۆ گەلان و وڵاتانمان لەخۆدەگرێت.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە:- سەرۆک کۆمار ستایشی ڕۆڵی گرنگی باڵیۆزانی کرد لە پاڵپشتیکردنی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان وڵاتان و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاریی بەرهەمدارتر و بنیاتنەر، هیواشی خواست باڵیۆزانی نوێی سەرکەوتو بن لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان لە عێراق.
هەر بەپێی بەیاننامەکە لای خۆیانەوە باڵیۆزان سڵاوی سەرۆکی وڵاتەکەیان و هیوای تەندروستی باشیان گەیاندە سەرۆک کۆمار،هەروەک هیوای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ گەلی عێراق خواست.
لەبەرامبەردا سەرۆک کۆمار سڵاوی خۆی لە رێگەی باڵیۆزانی نوێ نارد بۆ سەرۆکی وڵاتەکانیان و هیوای لەشساغی و سەرکەوتنیشی بۆ باڵیۆزان خواست،هاوکات باڵیۆزانی نوێ ویستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانیان لە بوارەکانی بەرژەوەندی هاوبەش نیشاندا.